ڕۆژنامەوانان داخستنی ڕاگەیاندنەکانی باکوری کوردستان ئیدانە دەکەن

12:14

ژنها

ناوەندی هەواڵ – ڕۆژنامەنوس و نوسەرانی ژن بەرامبەر بە داخستنی راگەیاندنەکانی باکوری کوردستان ئاژانسی ژنها، دیجلە و ڕۆژنامەی ئازادی وڵات و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەکانی شارەکانی باکوری کوردستان، ناڕەزاییان پیشاندا کە دوێنێ بڕیاری داخستنیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ دەرچوو.

ڕۆژنامەوان نەجیبە قەرەداغی، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر سیاسەتی دەوڵەتی تورک بە دوایین ئەڵقەی دکتاتۆر سوڵتان ئەرۆدغاننیشەوە کاریگەری هەبوایە، مەدتیڤی دانەدەمەزرا، مەد تیڤی نەدەبووە منداڵدانی بە دەیان و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات. ئازادیا وەڵات، ئاژانسی دیجلە و ئاژانسی ژنها بەهێزن و کاریگەرن بۆ ئەوەش دادەخرێن. هەڵوێستی گەلی کورد و ئازادیخوازان لە تورکیا بەهێزن لە دژی زهنیەتی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەش نایانەوێ ئیرادە، چالاکی و ڕاستی ئەو گەلە نیشان بدرێت. تەنیا چاپەمەنی کورد داناخرێن بەڵکو ژماریەکی زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندنی دەنگی دیکەی ئازادیخواز داخراون. ئەو هێزی عەقڵ، زهن و ئیرادەیەی ئازادیا وەلات، ئاژانسەکانی دیجلە و ژنهای دامەزراند و بوونە سەرچاوەی دارایی و هێزی مەعنەوی هەم داکۆکی لە ڕاستیەکان دەکات و هەمیش دەیانی دیکەش دادەمەزرێنێتەوە. ڕاستی ناشاردرێتەوە و چەواشەناکرێت. بەڵام تەنیا داخستن و کردنەوەی دەزگای راگەیاندن نیە بەڵکو دەبێ لە ئاگایی ئەوەدا بین کە ئەرۆدغان ئامادەکاری کۆمەڵکوژی و کارەساتی گەورە دەکات بەسەر گەلی کورد دا نایەوێ کاردانەوەی گەورەی لێبکەوێتەوە بۆ ئەوەش سەرەتا هەموو دەزگاکانی ناڕەزایی و بەرهەڵستکار بێ دەنگ دەکات هەرچۆن لە کاتی کۆمەڵکوژیەکانی جزیرە، سور و نوسێبین دا کردی."

لای خۆشیەوە شنە فایەق ڕۆژنامەوان ڕایگەیاند: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو راگەیاندنە بوێر و ئازادەکان دادەخات، بۆئەوەی کەس ئیرادەی گەلی کورد و هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک نەبینێت و لە رێگای میدیاکانی خۆی و بەکرێگیراوەکانییەوە راستییەکان چەواشە بکات. بەداخستنی ئەو راگەیاندنە ئازادانەدا دەردەکەوێت، کە ئاکەپە پیلانەکانی دژی کورد چڕتردەکاتەوە و نایەوێت کەس ببینی و ببیستێ کە چی دەکات.
بە داخستنی راگەیاندنی ئازاد، ناتوانێت ئیرادەی گەل بشکێنێت و شکست بە بەرخۆدانی راگەیاندنکاری ئازاد بهینێت، ئەمڕۆ ژنها و دیها و ئازادی وڵات دادەخات، سبەی چەندین دەزگای راگەیاندنی دیکە دەکرێنەوە و شکست بە پیلانەکانی ئاکەپە دێنن."



شەنگار برادۆست، ڕۆژنامەوان، لەو بارەیەوە دەڵێت: "داخستنی ڕاگەیاندنەکانی ئازاد واتای گوڕکردن، قوڵکردن و بەردەوام کردنی سیاسەتی قرکردنی سەر گەلی کوردە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ناتوانن کە دەنگی ئازادیخوازی ژنان و گەلی کورد دابخەن. کاتێک تاکە تیڤی منداڵانیان داخست، تێگەیشتم کە بڕیارێک نیە بۆ چەند مەبەستێکی کاتی گیرابێت، بەڵکو ئەوان بیر لە جینۆسایدێکی هزری دەکەنەوەو نەوەکانی ئەم نیشتیمانە لەسەر هزرێکی نیشتیمان پەروەری پەروەردە نەکرێن."

سروە خۆش پەیام، پێشکەشکاری بەرنامەی بنەوشە لە کوردستات تیڤی، لەو بارەیەوە وتی: "منیش دەڵێم نا بۆ بێدەنگرکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد، من وەک ڕۆژنامەوانێکی ژن لە باشوری کوردستان دژ بە هێرش و توندوتیژی سەر ڕۆژنامەنوس و داخستنی ڕاگەیاندنەکان هەڵوێستی خۆم پیشان دەدەم. بە هەموو شێووەیەکیش پشتگیری خۆم بۆ ژنانی ڕۆژنامەوان دەردەبڕم."

(ش ب)