زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی نوێی پژاک: هەڵمەتێکی ئایدۆلۆژی دەستپێدەکەین

09:39

ژنها

قەندیل – زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پژاک ڕادەگەیەنێت: لە ئازادی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆمان بەر بەرپرسیاری یەکەم دەزانین.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی نوێی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، ناوەرۆکی پێنجەمین کۆنگرەی پژاک بۆ ئاژانسەکەمان هەڵدەسەنگێنێت.

زیلان ڤەژین سەرەتا ئاماژە بەوە دەدات کە کۆنگرەکەیان لە کاتی خۆیداو بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە. ناوبراو وتیشی : "هەرچەند کۆنگرەکەمان ئاسایی بوو، بەڵام بارودۆخی ناوچەکە نائاساییە، چونکە شەڕێکی دەسەڵاتداری لە هەرێمەکە بەڕێوەدەچێت، هەر هێزێکیش دەیەوێت بەشداری بکات، ڕۆڵ بگێڕێت و وەک هێزی سەرەکی پلان و پڕۆژەکانی جێبەجێ بکات. دەتوانین بڵێین لەساڵی ٢٠١١دا هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان قۆناغێکی نوێی شەڕ بوو لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەرخستنی پڕۆژەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پلانێکی بەرفراوانە بۆ سەرلەنوێ دیزاین کردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام خۆشبەختانە ڕۆژئاوا توانی سیستەمێکی خۆی دابمەزرێنێت، هەرچەند تا ئێستاش ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، بەڵام بەرخۆدانی لە بەرزترین ئاستدایە، لە باکوریش بە هەمان شێوە دەیانەوێت کۆتایی بە تێکۆشانی ئازادی بهێنن، بەرامبەر بەو سیاسەتەش تێکۆشانی ڕێکخستنە کوردیەکان، بەردەوامە. گەرچی پێشتر لە ڕۆژئاوا دەیانویست پێشڕەوی بکەن، بەڵام دەبینین گواسترایەوە بۆ باشوری کوردستان، هەڵبەت لە سەرجەم شەڕ و ئاڵۆزیەکاندا ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری کردوە. ئێمەش وەک پارتێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێنجەمین کۆنگرەی خۆماندا پێویستیەکانی وەڵامدانەوەی ئەم دۆخە لە هەموو ڕووێکەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی، کەلتوریەوە تاوتوێکرد."

لە بەردەوامی هەڵسەنگاندنەکانیدا زیلان ڤەژین، ئاماژەی بە گۆڕانکاری و پڕۆژەکانی پژاک کرد لە کۆنگرەدا: "پژاک لەسەر خەتی ئازادی و فەلسەفەی ژیانی ئازاد و نەتەوەی دیموکراتی دامەزراوە، بۆیە لەلایەنی ئایدۆلۆژیای دیارە، بەڵام لە پێنجەمین کۆنگرەی پژاکدا گۆڕانکاریەکان لە چوارچێوەی ڕێبازەکانی تێکۆشان و میکانیزماکاندا بوو، یەکێک لەو گۆڕانکاریانەش گۆڕینی هاوسەرۆکەکان بوو، هەروەها ئەنجومەنی خۆی جارێکیتر لەبەرچاو دەرباز کردو لە چۆنێتی خەبات کردن لەسەر بنەمای پێویستیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی، پێشتر کە وەک پارتێکی سیاسی خەباتی پارتێک دەکرا، لەمەودوا وەک پارتێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی پێشەنگایەتی بۆ کۆدار دەکات لە ڕۆژهەڵاتی کورستان، هەر لەو چوارچێوەیەش هەڵمەتێکی ئایدۆلۆژی دەستپێدەکەین."

هاوسەرۆکی نوێی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، لەسەر پەیوەندیەکانی پارتیەکەیان لەگەڵ کۆدار وتی: "پژاک پارتێکە لە ژێر چەتری کۆدار، کۆدار ڕێکخستنێکە چەتر ئاسا دەتوانێت لە سەرتاسەری ئێران ڕێکخستنەکانی تریش لە ناو خۆیدا بگرێت، بەڵام لەو کۆنگرەدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی سیاسی بۆ پژاک دیاری کرا، پژاک ڕێکخستنێکی سەربەخۆیە، لە هەمانکاتدا لەناو سیستەمی کۆداردا جێدەگرێت، هاوکات هەر پارتێکیش شێوازێکی خۆی هەیە لەبەڕێوەبردنی سیاسەت بەڵام پرەنسیپە هاوبەشەکانیش سەرەکین، دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، وەک شێوازی ڕووانین لە پرسەکان و تێکۆشان، بۆ نمونە هەردووکیان خاوەنی پارادایمی ئازادیخوازی ژن و ئیکۆلۆژی پارێزن، لەبەرچاونەگرتنی ئەو خاڵانە قبوڵکراو نیە.

ناوبراو وتیشی: "پێشتریش هەڵوێستی پژاک لە بەرامبەر پارتەکانی تر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیار بوو، یەکێتی، چارەسەرکردنی پرسەکانی گەلی ڕۆژهەڵات و دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندیەکانی داگیرکەران، ڕەنگە خاڵی ناکۆکیش هەبن، بەڵام خاڵی هاوبەشیش هەن کە دەتوانین وەک دەرفەتێک بەکاریان بێنین. ئێمە لەسەر ڕێبازێکی ناسراوین و لە جیهاندا ناسراوە، تەنانەت لە هەرێمەکەدا وەک هێڵی سێەم و دژ بەر دەرکەوتۆتە پێش. پژاک هەمیشە دەستپێشخەر بووە لە هێنانە لای یەکتری ئیرادەی کورد، بەڵام لە مەجالی پارت و ڕێکخستەکاندا خۆیان بەرپرسیارن لە هەڵوێستی خۆیان."

لە بەشێکیتری هەڵسەنگاندنەکانیدا زیلان ڤەژین وتی: "لە پێنجەمین کۆنگرەی پژاکدا دوو ساڵی ڕابردوو هەڵسەنگێندرا، هەڵوێستی گەل بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران بەرز نرخێندران. هێرشەکان بۆ سەر گەلەکەمان، گەریلا و ڕێخکراوەکانی مەدەنی بەردەوام بەڕێوەچوون، لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕژێمی ئێران هەڵوێستمان دیارە، گەر هەر هێرشێک ڕووبەرووی گەلەکەمان و تەڤگەرەکەمان ببێتەوە، ئەوا میکانیزمەکانی پاراستن بەکادێنین. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێن ئێران ناتوانێت بە لەبەرچاو نەگرتنی پرسی کورد، لەو دۆخە ئاڵۆزە دەربچێت، کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ڕووبەڕووی بۆتەوە."

لە هەموو بابەتەکان زیاتر لە کۆنگرە پرسەکانی ژنان و جەوانان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، کێشەکانی ژنان و جەوانان وەک پرسێکی جددی هەڵوێستەیان لەسەر کرا، هەروەها یەکێک لە گۆڕانکاریەکانیش سیستەمی کۆتا هەڵگیرا و یەکسانی بە بنەما گیرا، ئەوەش تەنها وەک میکانیزمێکی تەکنیکی نا، بەڵکو بەو شێوەیە کار دەکات، بەباوەڕەوە بڕیارێکی وای گرتوە، پژاک باوەڕی بەوە هەیە کە تا پرسەکانی ژنان لەناو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چارەسەر نەکرێن، ناتوانرێت باس لە چارەسەر کردنی پرسەکانی تر بکرێت. لە خەباتەکانی هەڵگرتنی قەدەخەی ئایدۆلۆژی و سیاسی لە ئەستۆی ئێمەدایە وەک باسکی ژنان لەناو پژاکدا."

لە بەشێکیتری وتەکانیدا ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە یەکێک بووە لەو خەباتانەی هەڵسەنگاندنی تێروتەسەلی بۆکراوە، وەک بڕیارێکی تێکۆشان کردنیش لەو پێناوەدا کراوەتە بڕیار.
لە کۆتایشدا زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی نوێی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، ڕایگەیاند کە هەندێک گۆڕانکاری هەن لە جێبەجێکردن و لە کاتی خۆیدا ڕادەگەیەنرێن.

(ش ب)