خۆی، بە بیانوی ناموس کچێکی گەنج لەلایەن باوکیەوە کوژرا
11:47
ژنها
ناوەندی هەواڵ - نیوەڕۆی دوێنێ خەڵکی شەقامی وەلی عەسری شاری خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیاوێکیان بینی کە چەکی بەدەستەوە بوو، دواتر تەقەی لە کچەکەی کردوەو کوشتویە.
پیاوێکی تەمەن مام ناوەند کە بەرامبەر زانکۆی شاری خۆی کچەکەی بە چەک کوشتبوو دەستگیرکرا، ئەو پیاوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بە بیانووی پاراستنی ئابڕووی بنەماڵەکەی بە تۆمەتی ناموسی کچەکەی خۆی کوشتووە.
پیاوێکی توڕە دوای ئەوەی گەیشتە بەردەم کۆلێژی پەرستاری بە تەقاندنی دوو گولـلە کچەکەی خۆی کوشت.
خەڵک کە ئەو دیمەنەیان بینی توشی شۆک بوون، ویستیان هاوکاری کچەکە گەنجەکە بکەن بەڵام پیاوەکە بە توڕەییەوە هاواری کرد کە ئەو باوکی ئەو کچەیەو کەس مافی نیە لەو کچە نزیک بێتەوە.
لە درێژەی ئەم ڕووداوەدا پۆلیس ئاگادار کرایەوەو پیاوەکەیان دەستگیر کرد، هەروەها تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستی گەشتنە شوێنی ڕووداوەکەو مردنی کچەکەیان پشتڕاست کردەوە.
دوای ئەوە پیاوەکەیان بۆ فەرمانگەی پۆلیس گواستەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، پیاوەکە دانی بەوەدا نا کە بە چەکی ڕاو کچەکەی کوشتووەو وتی: چەند ڕۆژێک بوو کە گومانم لە هەڵسوکەوتی کچەکەم دەکرد. وام بیر دەکردەوە کە لەگەڵ کوڕێکی غەریبدا پەیوەندی هەیە، بۆ پاراستنی ئابڕووی بنەماڵەکەم ئەمڕۆ چاودێری کچەکەم کردو بە دوو گولـلە کوشتم.
بە دانپێدانانی باوکی کچەکە، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بەندیخانە ڕاگیرا.
(ش ب)