دەستگیرکردنی چالاکانی ژن لەلایەن پارتیەوە بەردەوامە

09:39

ژنها

ناوەندی هەوال – دەستگیر کردن و ڕفاندی چالاکانی ژن لە لایەن هێزەکانی پارتی بەردەوامە و ماوەی چەندین ڕۆژە بەهۆکارێکی نادیار دوو ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان-رژاک، بێ سەروشوێنن. ئەندامێکی (رژاک)یش ڕادەگەیەنێت کە تا ئەمڕۆ هەینی هیچ زانیاریەکیان لە بارەیانەوە نەبیستوە.

ڕۆژی سێشەممەی رابردوو دوای ئەوەی هێزێکی ئاسایشی زاخۆ بەسەر ماڵی هاوڵاتیەکدا بەناوی سەعید دەدەن، دوو ئەندامی ڕێکخراوی رژاک بەناوەکانی ئەڤین محەمەد عەلی و بەرفین حەسەن ئەحمەد کە لەماڵەکەدابوون و خاوەن ماڵیش دەستگیردەکەن و بەرەو ئاسایشی دهۆکیان دەبەن.

سەرەڕای هەوڵدانەکان تائێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە سەردانیان بکات لەئاسایشی دهۆک و بیان بینێت.

ئەندامێکی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) لە دهۆک بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند کە تا ئەمڕۆش ئەڤین و بەرفین ئازاد نەکراون، هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی دەیەوێت بە دەستگیرکردنی ئەندامانی ڕێکخراوەکەیان کاروخەباتەکانیان بوەستێنێت بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ فشارەکانیان زیاتر دەکەن، تەنانەت هەڕەشەش لەو کەسانە دەکەن کە پەیوەندیان بەو ڕێکخراوە هەیە.

دەستگیرکردنی ژنانی رژاک لەکاتێکدایە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامەنوس و پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی ستێرک تی ڤی، ئایسەل ئاڤێستا لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیرکراو پاش فشارێکی زۆری میدیا و ڕێکخراوەکان و دوای هەشت ڕۆژ ئازادکرا.

(ش ب)