بەڕێوەبەری بانقی تانجەرۆ توندوتیژی لەبەرامبەر مامۆستایەک بەکاردێنێت

14:20

ژنها

سلێمانی- بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەمە لەکاتی دابەشکردنی موچەی مانگی چواری مامۆستایان، بەڕێوەبەری بانقی تانجەڕۆی شاری سلێمانی لە بەرچاوی مامۆستایان توندوتیژی لەبەرامبەر مامۆستایەک بەکاردێنێت. شایەدێحاڵێکیش ڕووداوەکەی بۆ ژنها پشتڕاست کردەوە.

شایەتحاڵەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسەکەمان(ژنها)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ مامۆستایان بە مەبەستی وەرگرتنی موچەی مانگی چوار لە بانقی تانجەڕۆ کۆبونەتەوە، بەڵام لە بانقەکە سەرەڕای مامەڵەی ناشرین و بێڕێزی کردن بە مامۆستایان، بەڕێوەبەری بانقی تاسلوجە(ڕ) توشی هەڵچون بووە و دەستی کردوە بە شکاندن و فرێدانی کەلوپەلەکان، دوای ئەوەی مامۆستایەکی ژن پێی دەڵێت: بۆچی وادەکەیت، بەڕێوەبەریش بە شەقەزل و بێڕیزی کردن وەڵامی مامۆستاکە دەداتەوە.

ناوبراو وتیشی: "مامۆستایان لە بەیانی تا کاتژمێر(١٠) چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەکانیان کردوە، دوای ئەوەی مامۆستایان دەچن بۆ ژووری بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرەکەش دەیەوێت لە نێو کاتژمێرێکداخۆی بەتەنیا کاری ٥٠ کەس ڕاپەڕێنێت. پاشان دوای ئەوەی فریا ناکەوێت، توشی هەڵچون دەبێت و ئەو ڕووداوەش بە هۆی ئەوەوە ڕوویداوە."

جێگەی باسە دوای ڕووداوەکە ژمارەیەکی زۆری پۆلس هێنراون بۆ ناو بانقەکە.

(ش ب)