کچە خوێندکارێکی ٩ ساڵان ڕووبەڕووی دەستدرێژی مامۆستاکەی دەبێتەوە

09:15

ژنها

ناوەندی هەواڵ- لە گوندێکی سەر بە پارێزگای زەنجان، مامۆستایەکی قوتابخانە‌ دەست‌درێژی دەکاتە سەر کچێکی تەمەن ٩ساڵان.

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کچێکی تەمەن ٩ساڵان بە ناوی"نەدا" لە گوندی "قەرە محەممەد"ی سەر بە پارێزگای زەنجان، لە لایەن مامۆستای قوتابخانە‌کەیەوە دەست‌درێژی کراوەتە سەری .

سەرچاوەکانی هەواڵ لە زاری خاڵی نەداوە ڕایگەیاندووە کە؛ ئەم ئازارە جنسییە لە لایەن مامۆستای نەداوە لە قوتابخانەی"٢٢ بەهمەن"، بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بووە، تاکوو ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو نەدا لەتاو ئازاری ڕۆحی و جەستەیی خۆی، ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بۆ بنەماڵەی دەدرکێنێ و بنەماڵەی ئەو کیژۆڵە قوربانییە، دەستبەجێ پۆلیسی ناوچەکە ئاگادار دەکەنەوە.

دوای لێکۆڵینەوەی پزیشکی یاسایی ناوچەکە، فەرمانی قۆڵبەست‌ کردنی مامۆستاکە کە ناوی تەواوی ئاشکرا نەکراوە دەدرێ. خاڵی نەدا ڕایگەیاندووە؛ مامۆستاکەی نەدا بە ناوی(ی.ن)، بە دانانی بارمتە ئازادکراوە و هیچ کەس وەڵامدەری ئەو زۆڵمەی کە لە نەدا و داهاتووی نەدا کراوە نیە.

بەپێی هەواڵەکان، "بەشی پاراستنی پەروەردەوە"(حراست) ڕایگەیاندووە کە؛ (ی.ن) لە کارەکەی دەرکراوە و لە گرتووخانەدا بەسەردەبات، بەڵام خەڵکی گوندەکە ئەو وتەیە بەدرۆ دەخەنەوە و دەڵێن؛ تۆمەتبار لە نێو گۆندا بە ئازادی دەگەڕیت و هەڕەشە لە بنەماڵەی نەدا دەکات.

(ش ب)