قامیشلۆ؛ شەڕو بپێکدادان بەردەوامە

13:59


ژنها

قامیشلۆ- شەڕ و پـێـکدادانی نێوان هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد و یەکینەکانی پاراستنی گەل، لە شاری قامیشلۆ بەردەوامە و تا ئێستا ١٣ سەربازی ڕژێم کوژراون، هەروەها ٤ ئەندامی ئاسایش و ٣ هاوڵاتی گیانیان لەدەست داوە.

دوێنێ کاتژمێر یانزدەی نیوەڕۆ لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ لە نێوان هێزەکانی رژێمی ئەسەد و هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا ڕوویدا، هەرچەند هەندێک لایەن ویستیان شەڕەکە وەک شەڕی نێوان کورد و سریانیەکان پیشان بدەن، بەڵام دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان بەرفراوان بوو زیاتر ڕۆنبووەوە کە شەڕ لە نێوان هێزەکانی ڕژێم و هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا ڕوویداوە نە لە نێوان کورد و سریانیەکان.

باڵێکی سەربازی ڕژێم بەناوی "دیفاع الوطنی" ڕۆژی ١٩ ی ئەم مانگە، لە ناو شاری قامیشلۆ شەرڤانێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە)یان دەستگیر کرد و ڕەوانەی شام-یان کرد، هەروەها دوێنێش لەناو بازاڕی قامیشلۆ دوو ئەندامی پۆلیسی ترافیکیان دەستبەسەر کرد، هەروها هێزەکانی "دیفاع الوطنی" کاتژمێر ١٠ ی سەرلەبەیانی دوێنێ هێرشیان کردە سەر مەفرەزەیەکی ئاسایش لە نزیک فلکەی "سەباح بەحرات" لە ئەنجامدا دوو ئەندامی ئاسایش و ٣ هاوڵاتی کە یەکێکیان منداڵ بوو گیانیان لەدەستدا.

لەبەرامبەر ئەو هێرشە هێزەکانی ئاسایش دەستیان بە جموجۆڵ کرد و گەمارۆی هەموو ئەو بنکە و بارەگا و شوێنانەیان دا کە سەر بەڕژێمی ئەسەدن.

پاشان شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکەکانی وەستا، بەشیریە، عەلایا هاتە ئاراوە، دواتر شەڕ گەیشتووەتە ناو بازاڕی شارەکە، سەرئەنجام شەڕەکە لە لایەن ئاسایش کۆنترۆڵکرا.

لە ئەنجامی شەر و پێکدادانەکاندا کە، چەندین خاڵی ستراتیژی لە دەست چەتەکانی داعش دەرهێنران. بەگوێرەی زانیاری سەرچاوە باوەڕ پێکراوەکان لە شەڕدا ١٨ ئەندامی هێزەکانی رژێمی ئەسەد کوژراون.

هەروەها نزیکەی ٦٠ ئەندامی هێزەکانی ڕژێم لەلایەن هێزەکانی "یەپەگە" وە گەمارۆدراون، زانرا کە دەیانەوێت خۆیان بەدەستەوە بدەن.

سەر لەبەیانی ئەمرۆش کۆمەڵێک لە ڕیش سپیانی عەرەب سەردانی ئاسایشیان کردو داوایان لە هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا کرد، کە ڕێگە بدەن بریندارانی چوارگۆشەی ئەمنی بگوزرێنەوە بۆ نەخۆشخانە. ئاسایشیش بە ئەرێنی وەڵامی داوای ریش سپیانی دایەوە.

بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش شەڕ و پێکدادان لە هەندێک خاڵ بەردەوامە و سەرجەم هێزە مەدەنی و سەربازیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئامادەباشی دان.

(ش ب)