لە مانگێکدا ۷٠ هاوڵاتی رۆژهەڵات دەسبەسەر و بانگهێشتی دادگا کراون

09:24

ژنها

ناوەندی هەواڵەکان- بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ماوەی مانگێکدا ۷٠ هاوڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەرکران و بانگهێشتی دادگا و بنکە ئەمنیەکان کران وسزایان بەسەردا سەپاوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بە ڕاپۆررتێک ئاماری پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەرۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی مارسی ۲٠۱٦ بڵاو کردەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەرچەنەند بە فەرمی ڕانەگەیاندراوە بەڵام لەم مانگەدا چەندین کەس لەسێدارەدراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا بەدرێژی باس لەو پێشێلکاریانە کراوە کە لە مانگی ڕابردوو لەلایەن ڕژێمی ئێران ئەنجامدراون و ڕادەگەیەنێت: "کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەست بەسەر کردن زیاتر لە چەند سەد کەس لە شارۆمەندانی کورد، بە پێشێل کاری مافی مەدەنی و ئازادی رادەربڕین، بەرچاو نەگرتنی مافی ژیان، ئەمنیەتی تاکەکەسی، سووکایەتی بە هاووڵاتیان کورد ، ئەشکەنجەی بەندکراوە سیاسیەکان و لەبەر چاونەگرتنی مافە سەرەتاییەکانی بەندکراوە سیاسیەکان کۆتایی بە مانگی مارسی 2016 هێنا، بەگوێرەی ئەمەش لەم مانگە دا ۷٠ هاوڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەرکران و بانگهێشتی دادگا و بنکە ئەمنیەکان کران وسزایان بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ، لەم مانگە دا هیچ راپۆرتێک سەبارەت بە لەسێدارەدان لە شارەکانی رۆژهەڵات رانەگەیەنراوە. بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆگەلێ جۆراوجۆر لە گرتووخانەکاندا لە سێدارە دەدرێن ئەم هەواڵانە میدیایی نابنەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم لە سێدارە دانانە راناگەیەنێت.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت کە لە مانگی رابردوودا گوشاری سەر بەندکراوانی کورد لە رۆژهەڵات رووی لە زیاد بوون کردووە.

(ش ب)