ئەنجومەنی ژنانی شەنگال سیستەمی فیدرالی پیرۆز دەکات

12:33

ژنها

شەنگال- ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بە لێدوانێکی فەرمی جەژنی نەورۆز و راگەیاندنی سیستەمی فیدرالی لە ڕۆژئاوای کوردستان پیرۆزدەکات.

ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و راگەیاندنی سیستەمی فیدرالی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان- باکوری سوریا، لێدوانێکی بڵاوکردەوە، ئەنجومەنی ژنان لە سەرەتای لێدوانەکەشیاندا جەژنی نەورۆز لە هەموو گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکات و ڕادەگەیەنێت: "لە وارگەی ئازادی و لانکەی مرۆڤایەتیەوە جەژنی ژیانەوە، جەژنی ئازادی وجەژنی بەرخۆدانی بە گڕ وتینی ئاگری نەورۆز لە هەموو گەلی کورد و بەتایبەتیش لە رۆژئاوای کوردستان پیرۆز دەکەین."

ئەنجومەنی ژنانی شەنگال لە لێدوانەکەیدا بە هەمان دروشمی هەشتی مارس"ژنان بۆ ئازادی خۆیان و ڕێبەرەکەیان لە ناو چالاکیدان" پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکات و دەڵێت: "ئێمە وەک ئەنجومەنی ژنانی شەنگال، ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدرالی لە رۆژئاوای کوردستان و هاتنی نەورۆز وەک هاتنی بەهارێکی نوێ بۆ گەلان هەڵدەسەنگێنین، ئەم سیستەمە هۆکارێک دەبێت بۆ بونیادنانی یەکێتی و پێکەوە ژیانی گەلانی ناوچەکە، بەتایبەتیش ئەو هەنگاوە مێژووییە لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین کە بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی و رامانی خۆیەتی، سیستەمی فیدرالیزم تەواوی گەلان لە زوڵم و ستەم ڕزگار دەکات، بۆیە شایەنی پیرۆزکردن و شانازیە."

ئەنجومەنی ژنانی شەنگال لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا بانگەوازی لە سەرجەم ژنان دەکات کە بە گەشکردنی ئاگری ئازادی خاوەنداری لە نەورۆز بکەن.

(ش ب)