ئەندامێکی ڕژاک لە زیندانی پارتی مان لەخوارد دەگرێت
08:33
ژنها
دهۆک - لەبەردەوامی گوشارەکانی پارتی لەسەر چالاکوانانی ژنان، ئەندامێکی ڕێکخراوی ڕژاک لەدەڤەری بادینان بێسەروشوێن دەکرێت.
هێڤیدار کەریم عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) لە هەشتی مارسەوە لە قەزای ئامێدی لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیر کراوە، بەگوێرەی دواین زانیاری کە دەست (ژنها) کەوتوو، هێڤیدار کەریم عوسمان ماوەی چوار ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.
لە ڕۆژی چوارشەمە ٨-٣-٢٠١٦ لە سەروبەندی ئامادەکاری بۆ پیرۆزباییەکانی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر، هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە قەزای ئامێدی سەر بە شاری دهۆک هێڤیدار کەریم عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رژاک) یان دەستگیرکردوە تا ئێستاش ڕێگە بە کەس نەدراوە چاوی بە ناوبراو بکەوێت.
ئەندامێکی ڕژاک لە شاری دهۆک کەبەهۆی گوشارەکانی پارتیەوە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ بە ئاژانسەکەمانی وت کە پێیان ڕاگەیاندراوە لەو ڕۆژەی هێڤیدار دەستگیرکراوە تا ئێستا مانی لە خواردن گرتووە و هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک ڕەت دەکاتەوە.
وتیشی:" هێڤیدار کەریم نزیکەی ١٠٠ کاتژمێرە مانی لە خواردن گرتووە و ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بڕوات تەندروستی بەرەو خراپی دەچێت، چونکە ئاسایش پێیان ڕاگەیاندووین تا ڕۆژی یەکشەمە پشووی فەرمیە و هیچ شتێک ناکەن و ڕێگەش نادەن کە چاومان پێی بکەوێت تا پارێزەرێکی بۆ بگرن".
ئەو ئەندامەی ڕەژاک ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئاسایش پێی راگەیاندون ئەو شوفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش کە هێڤیدار کەریمی تێدابووە لای ئەوان دەستگیرکراوە.
هێژای بیرهێنانەوەیە هەر هەمان ڕۆژ واتە ٨ی مارس ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی سلێمانی و هەڵەبجە و شارۆچکەکانی دیکە خواستبویان بۆ بەشداری لە ڕێپێوانی ناوەندی ژنان بچنە هەولێر بەڵام لە بازگەی سماقوڵی پێش هەولێر لەلایەن هێزەکانی پارتیەوە ڕێگریان لێکرابوو و نەیانهێشتبوو بچنە شارەکەوە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزیەی هێزەکانی پارتی لە بازگەکە دروستیان کردبوو قۆڵی ئەندامێکی ڕژاک شکابوو.
(ش ب)